کێ بکوژی رۆمینایە؟

ڕۆژیندا بەیان

لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵێک بەشێکی زۆری ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتی و میدیاکانی گرتەوە. باوکێک کچە ١٣ ساڵانەکەی خۆی لە خەودا سەربڕی. شوێنی ئەم ڕووداوە تالش لە باکووری ئێران دیاری کراوە. هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە ئەم کچە ١٣ ساڵانە (رۆمینا) کەسێکی خۆش ویستووەو دوای ئەوەی کوڕەکە چەند جار چۆتە خوازبێنییەوەو بە هەر بیانوویەک بێت بنەماڵەکەی رازی نەبوون بەم زەماوەندە، کچە لەگەڵ کوڕە هەڵهاتوون و لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوەو سەرەڕای ئەوەی کچە لە پۆلیس پاڕاوەتەوە ئەگەر بدرێتەوە دەست بنەماڵەکەی باوکی دەیکوژێت، بەڵام لە لایەن پۆلیسەوە ئەم کچە مێرمنداڵە ڕادەستی بنەماڵەی کراوەو باوکی کچەش بە بیانووی پاراستنی شەرەف شەو لە خەودا سەری کچەکەی خۆی بە داس بڕیوە.

ڕووداوەکە ناخۆش و دڵتەزێنە، بەڵام کوشتنی رۆمینا لە لایەن باوکییەوە کە ئێستە بووە بە سەردێڕی هەواڵەکان، رووداوێکی دەگمەن نییە، بەڵکوو ئەگەر بمانهەوێت ناوی کوژراو و بکوژ و شوێن بسڕینەوە لەم هەواڵە، دەتوانین بڵێین ئەمە رووداوێکە زۆرجاران دووپات دەبێتەوەو بەزۆریش پاساوی ئەمجورە رووداوانە پاراستنی شەرەف و کەرامەتە. شەرەفێک کە پەیوەستە بە ژنەوەو ئەرکی ژن و کچانی بنەماڵەیە پارێزگاری لە شەرەف و کەرامەتی بنەماڵە و تایفە و عەشیرە بکەن و ئەگەر هاتوو بە هەر شێوەیەک ئەم شەرەفە شكێندرا و لەکەدار کرا، پیاوانی بنەماڵە، پارێزەرانی شەرەف و کەرامەتی خێڵ و بنەماڵە  بۆیان هەیە ژنان  و کچان بکوژن بۆ ئەوەی شەرەفی خۆیان بسێننەوە.

بەداخەوە ئەم چیرۆکی کوشتن و پاککردنەوەی شەرەفە کۆتایی بۆ نییە و مێژووییەکی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەشی هەیە. ئەوەی کە یەکەم ژن کەی و لە کوێ بووە بە قوربانی شەرەف نازانرێت، بەڵام ڕەنگە هەر لە یەکەم کۆمەڵگاکانەوە، لەو کاتەوەی کە ژن پێگەو جێگەی خۆی لە کۆمەڵگا لەدەست داوەو کۆمەڵگا لە دایک سالارییەوە وەرسووڕاوە بۆ پیاوسالاری و ژن بووە بە بەشێک لە موڵکی پیاو، ئەم ڕووداوە ڕووی دابێت.

دیرۆکەکان، ئەفسانەکان پڕن لە چیرۆکی ئەو ژنانەی کە بۆ پاراستنی شەرەف کوژراون یان خۆیان کوشتووە. لە چیرۆکی قەڵای دم دم دا، کە دوژمن نزیک دەبێتەوە لە قەڵاکە، ژنان لە ترسی ئەوەی نەکا بە زیندووی بکەونە دەست دوژمن و دوژمن بە کەنیز بیانبات، نەوەک شەرەفی خێڵ و بنەماڵەکە لەکەدار بێت، خۆیان لە قەڵاکەوە دەخەنە خوارەوە، ئاخۆ ئەو دەم پاڵنەری سەرەکی ئەوان پیاوان نەبوون؟ پیاوان نەبوون کە ئەوانیان ناچار کردووە کە دەبێت بمرن و نەکەونە دەست دوژمن؟

ئەم دیدە کە ژن وەک شەرەف و نامووسی خێڵ و بنەماڵە چاو لێ دەکات رەگێکی قووڵی مێژوویی هەیە، زۆر سادە ئەتوانین بڵێین مێژووکردە و کاریگەری کەلتوور، ئایین، نەریت و ئابووری لەسەرە. هەموو ئەمانە بوون بە کۆمەڵەیەک بە دەوری یەکتردا و وا دەکەن ژن پێگەکەی دابەزێت بۆ بوونەوەرێکی پلەدووی کۆمەڵایەتی و بوونی گرێ بدرێتەوە بە پیاوانی خێڵ و بنەماڵەوە.

هەر لەیەکەم ئەفسانەی خولقانەوە، ژن گرێ دەدرێت بە پیاوەوە. بە پێی ئەو چیرۆکە خودا لە قوڕ پیاو دروست دەکات و ژن لە پەراسووی چەپی پیاو دروست دەبێت. یانی گرێ دەدرێتەوە بە پیاوەوەو هەبوونی ئەو وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ دەبرێتە ژێر پرسیارەوەو ئەوەی لەم بوونەدا دەوری سەرەکی پێ دەدرێت پیاوە و ژن تەنها ئەو کاتەی پیاو هەست بە تەنهایی دەکات دەخولقێت. دواتر هەر بە پێی ئەو ئەفسانەیە ژن هۆکاری دەکردنی مرۆڤە لە بەهەشت، دەرکردنێک کە وا دەکات (ئادەم و حەوا) لە خۆشییەکانی بەهەشت وەدەر بنرێن و بێنە ناو ئەم جیهانە پڕ لە کێشمەکێش و ململانێوە.
بونیادی فەلسەفەی رۆژئاوا کە یۆنانی کۆن بە دیارترین بناغەداڕێژەری فەلسەفەی رۆژئاوا دادەنرێت، بونیادێکی پیاوانەیە. لە مێژووی فەلسەفەی یۆنای کۆندا ئێمە دەوری ژنان زۆر کەم تا ئاستی نەبوو دەبینین، کەچی باس لەوە دەکرێت ژنانێکی زۆر هەبوون وەک مامۆستای ژمارەیەک لە فیلسووفەکانی یۆنان دەوریان بینیوە. لە کتێبی (ژنانی فیلسووف لە یۆنان و رۆمی کەونارا) لە نووسینی (رژین پییەترا) ئاماژە بە ژمارەیەک لە ژنان کراوە کە وەک مامۆستای فیلسووفەکانی یۆنان و رۆمی کەونارا دەوریان بینوەو وانەیان وتووەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ژن بوون ناویان داکەوتووە، یان ئەوەی بە ئەنقەست فەرامۆش کراون.

بە گشتی بیرکردنەوەو جۆری داڕشتنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەو ئاراستەیەدا رۆشت کە پێگەی ژنی لە کەسێکەوە کە تا ئاستی خواوەند و سەرپەرەشتی خێڵ (لە سەردەمی دایکسالاریدا) بەرزکرابۆوە، دابەزاند بۆ بوونەوەرێکی پلەدوو کە خاوەنی ئیرادە نەبوو. کەسێک بوو کە لە کۆمەڵگا وەک کۆیلە چاوی لێ دەکرا نەک وەک مرۆڤێکی ئازاد و سەربەست. وەک چۆن دەبینین ئەفلاتوون لە کۆمارەکەی خۆی ژنان و کۆیلەکان بە مرۆڤی سەربەست و ئازاد ناو نابات و بە کەسانێکیان نازانێت کە خاوەنی ئیرادە بن و بتوانن هەڵبژێرن و هەڵبژێردرێن.

لەم دابەزینی ئیرادەوە دوای ئەوەی ژن پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی خۆی لە دەست دەدات، وەک موڵکی پیاوانی خێڵ و بنەماڵە چاویان لێ دەکرێت. چەمکی شەرەف  و شەرەفی پیاو  یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم خاوەندارێتییەیە و ژن لەم سۆنگەی لە دەستدانی پێگەی خۆیەوەیە کە دەبێت موڵک  و شەرەفی پیاو.

دیدێک کە لە سەر پاراستنی شەرەف و نامووس کار دەکات دیدێکە پشت بەستوو بەو رەوتە مێژووییەی کە هەیە و داب و نەریت، ئایین و ناوەندە ئایینییەکان و یاسا کاریگەرییان بووەو هەیە لە سەر پەرەسەندنی دیدی پیاوسالاری و بەناو شەرەف پارێزی. هەر سێ ئایینە ئیبراهیمییەکە و تەنانەت ئایینەکانیتری وەک بۆزی (بوودا) و هێندوو هەمان ئەو ستراکتۆرە پیاوسالارییەیان پێوە دیارە و رەوایەت و مەشرووعییەت ئەدەن بە پیاو کە وەک موڵک چاو لە ژنان بکات.
** 

رووداوی کوشتنی رۆمینای ١٣-١٤ ساڵان بە دەستی باوکی ڕووداوێک نییە لە بۆشایی روویدابێت. رووداوێکە کە لە جوگرافیایەکی دیاریکراو، لە ناو کەلتوورێکی دیاریکراو و لە چوارچێوەی وڵاتێکی دیاریکراو کە یاسای خۆی هەیە روویداوە. لەم جوگرافیایەدا داب و نەریت رەنگدانەوەی خۆیان لە سەر ژیانی کۆمەڵگا هەیە. راستە ئەم رووداوە زۆر  دەنگدانەوەی هەبوو، بەڵام رەنگە بەشێکی زۆری دەنگدانەوەکەی بە هۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بووبێت، بە شێوەیەک کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەیانهێشت بێدەنگە بکرێت لە سەر ئەم بابەتە و ئەمەش ئاستێک لە وشیاری لانیکەم بەکار هێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەگەیاند.

رووداوی کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و نامووس زۆر جاران دووبارە دەبێتەوەو بە داخەوە وەک بەشێک لە توندووتیژی دژی ژنان لە زۆربەی زۆری کەلتوور ەکاندا دەبیندرێت و لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و ئەو وڵاتانەی کە داخراوترن، یان یاسا پشت بەستووە بە ئایین، زۆر زیاتر دەبیندرێت.

ئەگەر  بپرسن بکوژی (رۆمینا) کێیە؟ هەموومان بێ یەک و دوو دەڵێین بکوژی رۆمینا باوکیەتی و شەو بە داس لە حاڵێکدا کچەکەی لە خەودا بووە، کوشتوویەتی. بەڵام بکوژی رۆمینا تەنها باوکی نییە. باشتر وایە بکوژ یان بکوژانی رۆمینا ناو ببەین. بێگومان باوکی رۆمینا کارەکتەرێک بووە کە ئەو ئەرکەی جێبەجێ کردووە. بەڵام بکوژی رۆمینا ئەو دیدە پیاوسالارانەیە و هەموو ئەو فاکتەرانەیە کە لە پشت ئەم رووداوەوەن. لە پشتی هەموو ئەو فاکتەرانەشەوە مرۆڤ بوونی هەیە. هەموومان بەشێکین لەو بازنەیەی کە سەرەنجام خاڵی کۆتاییەکەی بە کوشتنی رۆمینا و رۆمیناکانی وڵاتەکەمان دەگەن.

ئەو پیاوەی دەستی دەچێتە خوێنی کچەکەی و کچەکەی خۆی ئەکوژێت، بۆ سەندنەوەی شەرەفی خۆی ئەو کارە دەکات. لە سەندنەوەی شەرەفدا دەیهەوێت ئەوە بە دەورووبەر و کەسانی دەورووبەری بڵێت کە من پیاوێکی بەشەرەفم و کچەکەم ناتوانێت شەرەفم خەوشدار بکات. یانی لەبەر قسەی خەڵک، بەهۆی تانەو تەشەری خەڵکەوە، بە هۆی گوشارێکی رۆحی و دەروونییەوە کە دەورووبەر دروستی دەکەن لەسەر ئەو باوکە، دەستی دەچێتە خوێنی کچەکەی و بۆ ئەوەیە سەری خۆی لە ناو ئەو خەڵکەدا بەرز رابگرێت، لەبەر ئەوەی خۆشەویستی کردنی کچەکەی، پەیوەندی سۆزداریی کچەکەی شەرەفی ئەوی خەوشدار کردووە.

بێگومان یاسا یەکێکیتر لە هۆکارەکانە بەوەی پیاوێک زۆر ئاشکرا دەستی ئەچێتە خوێن کچەکەی. یاسای وڵات کە پشت بە ئایین دەبەستێت و لە هەمانکاتدا داب و نەریتیش لەبەرچاو دەگرێت، یاسایەکی پیاوسالارانەیە، یاسایەکە کە تێیدا باوک وەک شوان وەهایە و ئەندامانی بنەماڵە مەڕەکانن و  شوان بۆی هەیە بۆ ئەوەی شکۆی خۆی بەرز رابگرێت، کچەکەی کە بووە بە بزنە هار و لادەرەکەی ناو (تەمی سەر خەرەند) ی شێرزاد حەسەن، دەبێت ببێت بە قوربانی. یاسا پشتگیرەو کەمترین سزا بۆ بکوژ لەبەرچاو دەگرێت.

ئایینیش وەک وترا هۆکارە بۆ پەرە سەندنی ئەم دیدە و بێگومان رەنگدانەوەی ئایین لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە یاسادا کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی پیاوێک بە شێوەیەکی دەمارگرژانە دەستی دەچێتە خوێنی کچەکەی.


کۆتایی:

کوشتنی رۆمینا وەک رووداوێک زۆرکەسی هەژاند، بەڵام ئەمە رووداوێک نییە وەک وتمان لە بۆشایی روویدابێت و زۆرجاران دووبارە بۆتەوەو بە داخەوە لەم کۆمەڵگایەدا زۆر جار ئەگەری ئەوە هەیە کچێک ببێت بە قوربانی بەس لەبەر ئەوەی کەسێکی خۆش ویستووە یان لەسەر گومانێک. ئەمەش بە هۆی ئەو داب و نەریتە سواو و دواکەوتوانەوەیە کە لە کۆمەڵگا باوەو وەک وترا چەند فاکتەریتر کاریگەرییان هەیە لەسەر پەرە سەندنی ئەم دیاردەیە. کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەم روانگەیە ئەرکی هەموو چالاکانی کۆمەڵایەتی و ژنان و یاساییە بۆ ئەوەی چیتر ژنان نەبن بە قوربانی بە ناوی شەرەفەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.