کێلی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە شکێندرا / وێنە + وتووێـژ

15:55 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە کێلەکانی گڵکۆی شێرکۆ بێکەس لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، لەلایەن کەس یا کەسانێکی نەناسراوەوە شکێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر، کێلی گڵکۆی شاعیری ناوازەی کورد، بەدەستی کەس یان کەسناێکی ناسراو شکێندرا و تاوه‌كو ئێستاش ئەنجامدەرانی ئەو کارە شناسایی نەکراون.

ئازاد مەحموود یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێرکۆ بێکەس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \"من وەک خۆم نامهەوێ کەس بە شکاناندی کێلی مامۆستا تۆمەتبار بکەم، بەڵام ئەو کەسەی ئەم کارەی کردووە، کەسێکی ناتێگەیشتوو و بەراستی لەمانای ئینسانییەت و نیشتمان پەروەریی مامۆستا بێکەس تێنەگەیشتووە\".

شێرکۆ بێکەس رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ماڵئاوایی لەژیان کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی بێکەس لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەری ئەوە دەکرێ چ کەس و لایەنێک لە پشت ئەم مەسەلەیەوە هەبێت گوتی: \" ئایینی ئیسلام دەڵێت ئینسان کە ماڵئاوایی لەژیان کرد، شەیتانیش دەستی لێ هەڵئەگرێ، بەڵام نەیارانی مامۆستا پاش مردنیشی لە کۆڵی نابنەوە\".

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە پێشتر چەند لایەنێک دەژایەتیی ناشتنی مامۆستا شێرکۆ بێکەسیان لە پارکی ئازادی ئەکرد، گوتی: \" من وەک خۆم بوختان بۆ کەس ناکەم، دیارە پێشتر کەسانێک هەبوون کە مامۆستا شێرکۆیان بە کافر و بێ دین لە قەڵام ئەدا، من حەزم ئەکرد ئەو کەسانە لە پاش مەرگی مامۆستا چەپکە گوڵێکیان بهێنایەتە سەر گۆڕەکەی و بۆ ئەوەی روون ببێتەوە کە ئایینی ئیسلام هەڵسووکەوتی جوان و شیاو لەگەڵ ئینسانەکان ئەکات\".

ئەو چالاکە ئەدەبییە باسی لەوەش کرد، \" ئەوە کەسەی ئەو کارەی کردووە بۆ خۆی هەڵگری بیرۆکەیەکی نەشیاو و ناشیرینە بۆیە دەیهەوێ خەڵکی دیکە ناشیرین بکات\".

ئازاد مەحموود سەبارەت بە بەدواداچوون و ناسینی ئەو کردەوەیە رایگەیاند: کاتژمێر ٨ی شەوی رابردوو لەلایەن ئاساییشەوە ئاگادار کارینەوە کە گڵکۆی مامۆستا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە هێرش کراوەتە سەری و یەکێک لە کێلی گڵکۆکەی شکێندراوە، لەو پەیوەندییەدا بەمەبەستی بەدوداچوون سکاڵای خۆمان تۆمار کرد\".

هەروەها په‌یكه‌ری‌(خۆشه‌ویستی‌) کە له‌ساڵی‌٢٠٠٩ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی‌په‌یكه‌رساز \"زاهیر سدیق\"ـەوە لە ماددەی \"فایبه‌ر گڵاس\" دروستكرا و پاشان له‌پاركی‌ئازادی‌ی شاری‌سلێمانی‌دانرا، سێ شه‌و پێش ئێستا ئه‌و په‌یكه‌ره‌لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.
\"16082.jpg\"

\"16083.jpg\"

وێنە: ئاژانسی نها
\"16091.jpg\"

\"16090.jpg\"