کێشە و گێچەڵی چەوندەرکارانی کورد لە وەرزی سەرما و سۆڵدا+وێنە

15:39 - 15 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای هاتنی وەرزی زستان لە کوردستان، بەڵام جووتیارانی شنۆ و پیرانشار لە وه‌رگرتنی پارەی بەرهەمی چەوندەریی پاروپێراریان بێبەش کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاتنی سەرما و سۆڵی کەم وێنە لە ناوچەکانی پیرانشار و شنۆ، ئاستەنگی لەبەردەم گەیاندنی بەرهەمی جووتیارانی کورد درووست کردووە.

بارکردن و بردنی چەوندەر بۆ کارگەکان لەم وەرزەی ساڵدا، نیشانەی گرینگی‏نەدانی لایەنە پێوەندیدارەکان بە تایبەتیی جیهادی کەشاوەرزییە کە هێشتا بەڵێنی کڕینی بەرهەمەکانی پاییزی نەبردووەتە سەر.

هەواڵی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە ئەو خەڵکانەی کە چەوندەریان چاندبوو، بە ماشینی خۆیان و بە ڕێگایەکی سەخت و بەفراویدا دەیبەنە شوێنەکانی کڕینی چەوندەر.

لە ئێستادا، بە هۆی بارینی بەفر، پلەی گەرما بۆ ١٥ پلە ژێر سفر دابەزیوە.

بە وتەی جووتیاران؛ \"ناردنی بەرهەمی ئەو ساڵ کە بە نیوە قیمەت لە ئێمەیان کڕیوە، لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری پارەی بەرهەمی فرۆشراوی ساڵی ڕابڕدوو هێشتا نەدراوە\".

گۆڕینەوەی چەوندەر بە شەکر، یەکێکی دیکە لە کێشەکانی جووتیارانە کە سەرەڕای ناڕەزایەتیی چەوندەرکاران، بەڵام کارگەکانی قەند و شەکر لە دانی پارە خۆ دەبوێرن و ئەمەش کێشەیەکی دیکەی بۆ وەرزێڕان درووست کردووە.

هەر لە درێژەدا یەکێک لە جووتیاران بە هەواڵنێری کوردپای گوت: \"هەرچەندە چاندنی چەوندەر کێشە و ماندووبوونی زۆری هەیە، بەڵام داهاتی باشی هەیە کە بە هاتنە پێشی ئەو تەنگ‏وچەڵەمانە، وەرزێڕان لە داهاتەکەشی چاوپۆشی دەکەن و واز لە چاندنی چەوندەر دێنن\".

لە ناوچەکانی شنۆ و پیرانشار، نیزیک بە ١٥ هەزار هێکتار زەوی بۆ چەوندەر تەرخان کراوە.

\"29293.jpeg\"

\"29292.jpeg\"