کێشەی کۆمەڵایەتیی دوو بنەماڵە دەسبەسەرکرانی باوک و کوڕێکی لێکەوتەوە

21:07 - 4 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو بنەماڵە لە شاری سەرپێڵی‌زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان، دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کێشەی خێزانیی نێوان دوو بنەماڵە لە شاری سەرپێڵی‌زەهاو، دەسبەسەرکردنی باوک و کوڕێک و ناڕوونی چارەنووسیی ئەو دوو هاووڵاتییەی پاش نزیک بە ٤٠ ڕۆژ بەدواوە بووە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی کوردە دەسبەسەر کراوە \"عەبدولکەریم محەممەدی\" باوک و \"میقداد محەممەدی\" کوڕی ناوبراو خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو لە پارێزگای کرماشان ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"دەسبەسەرکردنی ئەو باوک و کوڕە لە ئەنجامی کێشەی بنەماڵەیی بووە کە سێ ساڵ پێش لە نێوان ئەو بنەماڵە و بنەماڵەیەکی دیکە لە شاری سەرپێڵی‌زەهاو ڕووی داوە\".

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بە هۆی خۆشەویستیی نێوان یەکێک لە کوڕەکانی بنەماڵەی محەممەدی لەگەڵ کچی ئەو بنەماڵەیەی دیکەدا کێشه دروست بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو بنەماڵەیە، لەژێر ناوی پاراستنی نامووس کچەکەی خۆیان بە ناوی \"لەیلا نەجەفی\" بکوژن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، دوو برای لەیلا نەجەفی کە لە دەستوپەیوەندییەکانی ئیتلاعاتی شاری سەرپێڵی‌زەهاون، ئەو باوک و کوڕەیان دەسبەسەر کردووە و بە بنەماڵەی محەممەدیان ڕاگەیاندووە، هەتا نەگەڕانەوەی \"عابید محەممەدی\" خۆشەویستی لەیلا، ئەو دوو هاووڵاتییە ئازاد ناکرین.

عەبدولکەریم محەممەدی و میقداد محەممەدی، ماوەی ٣٦ ڕۆژه دەسبەسەر کراون و بێسەروشوێنن.