کێشەی زەوی و زار لە دیواندەرە کوژرانی دوو لاوی لێکەوتەوە

21:06 - 6 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کێشەی زەوی و زار لە ناوچەی ساراڵی دیواندەرە، دوو لاوی تەمەن ٢٤ و ٢١ ساڵ لەلایەن کەسێکی نزیکی خۆیانەوە گیانیان لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوە، دوو لاوی کورد بەناوەکانی لوقمان و عوسمان ئیزەدی بەهۆی کێشەی زەوی و زار لەلایەن کەسێکی نزیکی خۆیانەوە کوژران.

ئەو رووداوە لە گوندی \"بەردە سپی\"ی سەربە ناوچەی ساراڵی دیونادەرە هاتۆتە ئاراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە، ئەو دوو لاوە بە دەستی کەسێک بەناوی ئەحمەد زینەت‌گەری کوژراون.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ ئەو بکوژە پاش کوشتنی ئەو دوو هاووڵاتییە، پەرتەوازە بووەو هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دەستبەسەر نەکراوە.

دەگوترێت، لوقمان و عوسمان ئیزەدی بە زەبری چەک کوژراون و ساڵی رابردووش ئەو بکوژە هەوڵی کوشتنی یەکێک لە کوژراوەکانی دابوو.

چالاکانی کۆمەڵایەتی \"لە خوارێ بوونی ئاستی تێگەیشتن، نەخوێندەواری و نەریتی بوونی کۆمەڵگە و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان\" بە هۆکارەکانی هاتنە ئارای ئەم جۆرە تاوانانە لە قەڵەم ئەدەن.

ئەو چالاکانە لەو باوەڕەدان، کاربەدەستانی حکوومەتی سەرەڕای ئەوەی هیچ بایەخێک بە کەمبوونەوەی رێژەی تاوان و تاوانکاری لە کۆمەڵگەدا نادەن، بەڵکوو شێوەی هەڵسووکەوتی نەشیاوی ناوەندە حکوومەتییەکان لەگەڵ تاوانباران، راستەوخۆ هۆکاری زیادبوونی تاوانکاری لە بەستێنی کۆمەڵگەدایە.