کێشەی خێزانی بوو بە هۆی گیانلەدستدانی کچێکی ١٧ ساڵ

14:45 - 9 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، لە شاری مەریوان کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردان، کچێکی مەریوانی بە ناوی\"سەحەر ئەیووبوەند\" تەمەن ١٧ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو کچە لاوە خەڵکی گوندی \"قامیشەڵە\"ی سەر بە شاری مەریوان بووە.

کێشەی بنەماڵەیی بە هۆکاری خۆسووتاندنی ئەو کچە ڕاگەیەندراوە.

سەحەر بە هۆی زۆریی دەرەجەی سووتاویی و کاریگەربوونی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە.

خۆسووتاندن یەکێک لە شێوازە ترسناکەکانی خۆکوشتن بە ئەژمار دێت کە بە هۆی چڵک کردنی برینی قووڵی دەرئەنجامی ئەو خۆسووتاندنە، ڕێژەی گیان لەدەستدانی کەسی خۆکوژ بە نیسبەت شێوازەکانی دیکەی خۆکووژی زۆرترە.

چالاکانی مافی ژنان سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان دەڵێن: ئاماری خۆسووتاندنی ژنان ڕوون نیە و هۆکاری خۆسووتاندن بۆ کێشەکانی وەک زۆریی حەشیمەت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا و پێکهاتە ناشیاوەکان، هەژاری ئابووری، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت و باوەڕە هەڵەکان لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە.