کێشەی بنەماڵە هۆکاری خۆکوژیی دوو هاووڵاتیی ڕاگەیەندراوە

21:15 - 28 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ورمێ و سەقز هەوڵی خۆکوژیان دا و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٧ی جۆزەردان، لاوێکی خەڵکی گوندی\"زیوەیە\" لە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ناسنامەی ئەو لاوە کوردەی بە\"شارام ڕەزایی\" کوڕی \"وەهاب\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە بە هۆی \"کێشەی بنەماڵە\"یی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز لە هەواڵێکدا، باسی له خۆکوژی ژنێکی لاوی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گەڕەکی\"بەهارستان\" بە ناوی\" ئەهدیە بانەسیری\" کرد.

ئەو ژنە لاوە خێزاندار و دایکی منداڵێک بووە.

سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لە خۆکوژی ئەو ژنە لاوە بە هۆی \"کێشەی بنەماڵە\"یی کردووە.

دوکتور هادی نەقدی، چالاکی مەدەنی و دەرونناس، لە پەیوەندیی لەگەڵ زۆربوونی ڕێژەی خۆکوژییەکان لە کوردستان لە وتارێکدا لەژێر ناوی\"با لە خۆکوژییەکان قسە نەکەین لە ڕێگاکانی پێشگیری قسە بکەین\" دەڵێت: دیاردەی خۆکوژی لە ئیدز و گیرۆدەبوون بە ماددەی سڕکەر جیایە و بە جێگای شاردنەوەی دەبێ بە میدیایی بکرێت. دیاردەی خۆکوژی ئەوەندە پرسێکی هەستیارە کە تەنانەت هاودەردی کردن لەگەڵ کەسی خۆکوژ لە بنەماڵە و لە لای منداڵان و لاوەکان دەگونجێ پەیامێکی خرابی لێ بکەوێتەوە.

ئەو ڕاوێژکارە دەرونناسە ئەوەش دەخاتە روو، لە هەلومەرجێکی تایبەتی کۆمەڵگای ئێمە کە\"استرسورهای\" جۆراوجۆری خەڵکی لە خۆ دەگرێت، بە جێگای قسە کردن لە سەر خۆکوژی دەبێ بۆ خۆکوژی هەوڵێکی پێشگرتوونەمان هەبێت. ئەوەش نە تەنیا لە لایەن ناوەندێکی دیاری کراو بەڵکوو تەواوی ناوەندەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و سیاسی دەبێ بۆ پێشگیری لە خۆکوژی بەرنامە و هەنگاوی کردەی هەبێت.