کێشەی بنەماڵەیی خۆکوژی ژنێکی ١٥ ساڵانی لێ کەوتەوە

14:38 - 26 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی لاو خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە خۆی کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، ژنێکی لاو خەڵکی گوندی \"گردکسپیانـ\"ـی سەر بە شاری پیرانشار، بە ناوی \"عایشە گوڵمحەممەدی\" تەمەن ١٥ ساڵ، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیییەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

\"\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: ئەو ژنە لاوە ماوەی ١٦ ڕۆژە ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و پاش هێنانەوەی مێردەکەی بۆ ماڵی باوکی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە هۆکاری خۆکوژیی ئەو ژنە تەمەن ١٥ ساڵەیەی بۆ بە زۆر بەشوودانی ئەو کچەی گەڕاندەوە.

خۆكوژی لە کوردستان لە ئێران و بەشێكی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جگە لە هۆكاری مادی هۆكاری كەلتووری لە پشتە و بەشێكی زۆری ئەو ژنانەی کە لە ئێران و کوردستاندا خۆیان دەكوژن بە هۆی كەلتوورییەوە هانا بۆ خۆکوژی دەبەن.