کێشەی ئابووری لە زانکۆی پەیام نووری ورمێ بەرۆکی خوێندکارانی گرتووە

18:54 - 11 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زانكۆی پەیام نووری ورمێ بەپێی بڕیارێکی نوێ، ئەو خوێندكارانەی كە پارەی مانگانەیان نەداوە، مافی بەشداری کردن لە تاقیكارییەكانیان پێ نادرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپێی بڕیارێک کە بەرپرسانی زانکۆی پەیامی نووری ورمێ پەسندیان کردووە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە کاتێکدا خوێندکاران دەگرێتەوە کەلە کاتی خۆیدا پارەی مانگانەیان خۆیان بەو زانکۆیە دابێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو زانكۆی پەیام نووری ورمێ‌بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند: خوێندکاران لە ئەگەری نەدانی پارەی مانگانە بەو زانکۆیە نەتەنیا لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئەو زاکۆیە بێبەش دەکرێن، بەڵکوو کارتی مۆڵەتی بەشداری کردنیان لە تاقی کردنەوەکان ئەمساڵدا پێنادرێت.

بەسەرنجدان بەوەی کە چینی خوێندکار یەکێک لە چینە کەم داهاتاکانی کۆمەڵگای ئێرانە، ئەو بڕیارە لەلایەنی مادییەوە خوێندکارانی تووشی گرفت کردووە و بەگشتی نیگەرانیی لای خوێندکارانی ئەو زانکۆیە درووست کردووە.

ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسانی ئەو زانكۆیە لە تێرمی یەكەمی ئەمساڵدا بە خوێندكارانیان راگەیاندبوو كە بەهۆی گیروگرفتی ئابووری بۆ هێندێك لە وانەكان توانایی هێنانی مامۆستایان نیە و خوێندكارانی رشتەكانی \"زانستی بنەڕەتی و تەكنیكی و ئەندازیاری\" ناچار بوون وانەكان بە شێوەی ئازاد لە دەرەوەی زانكۆ بخوێنن.