کێشانی تێلدڕوو لە سنووری نەوسوود و بڕینی نانی ٢ هەزار کۆڵبەر

17:04 - 12 بەفرانبار 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەسەر بڕیاری سپای پاسداران، هێزەکانی هەنگی سنووری بە هاوکاریی سپای پاسداران سنووری شاری نەوسوود تێلدڕوو دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری تێلدڕووکردنی سنووری شاری نەوسوود لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بە بیانووی دابینکردنی ئەمنییەتەوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ لەحاڵێکدا سنووری شاری نەوسوود تێلدڕوو دەکرێت کە ژمارەیەک کۆڵبەر، کە ڕێژەیان دەگاتە ٢ هەزار کەس لەو سنوورە خەریکی دابینکردنی بژیوی ژیانیانن.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێلدڕووکردنی سنووری نەوسوود کاردانەوەی هاووڵاتییان و تەنانەت کاناڵە تێلێگرامییە خۆجێیەکانی هەورامانی لێ‌ کەوتووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەرنامەی دەنگ و ڕەنگی کرماشان بە ناوی سەید "یەحیا هاشمیی بەرزەنجی" لەمەڕ تێلدڕووکردنی سنووری نەسوود، لە ئینیستاگرامەکەی خۆیدا، نووسیوویەتی: "سەرەتا لە شارەکانی هەورامان بۆ دابینکردنی کار کارگە دروست بکەن، ئەو کات سنوورەکان تێلدڕوو بکەن".