کۆڵبەرە برینداربووەکەی سەردەشت چاوی چەپیشی لە دەست دا

10:08 - 12 رەشەمه 2721

فواد مەهدی ئیبراهیمیان کۆڵبەری تەمەن ٢٤ ساڵەی خەڵکی شاری سەردەشت کە بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری بانە لاقی ڕاستی لەدەستدابوو چاوی چەپیشی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "چاوی چەپی ئەو کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەی نیکوکاریی تەورێز، نەشتەرگەری بۆ کرابوو، بڵام بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەکە، چاوی چەپیشی لەدەست دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ئەو کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەی ئیمام "ڕەزا"ی شاری تەوریز لە ژێرچاوەدێری پزیشکیی دایە.

لاقی ڕاستی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە نەخۆشخانەی ئیمام "ڕەزا"ی تەورێز پاش نەشتەرگەری قرتێندرا و هەروەها  چاوی چەپی ئەو کۆڵبەرە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمە، لە نەخۆشخانەی نیکوکاریی تەورێز، نەشتەرگەری بۆ کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەشەمە، "فواد مەهدی ‌ئیبراهیمیان" لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە خەڵکی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە، بە سەختی بریندار و سەرەتا ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری بانە، کرابوون.