کۆڵبەرێكی دیکەی کورد بە سەختی بریندار بوو

16:42 - 6 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار بوو و لە ئێستاشدا تەندروستی ئەو کۆڵبەرە ناجێگیرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە شاری سەردەشت کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕاگەیاند: لە ئەنجامی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بوو.
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\"زورار\" کوڕی عەبدوڵا خەڵکی گوندی \"نەڵاس\"ی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕووداوە لە ناوچەی کانی زەردی شاری سەردەشت رووی داوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، گوللەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی سەری ئەو کۆڵبەرە کوردەی پێکاوە و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ناوبراو بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پزیشکەکانی نەخۆشخانەی شاری ورمێ بارودۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان نالەبار ڕاگەیاندووە.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش، لە سنوری نێوان ورمێ و تورکیە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی\"موراد عەرەبی\" کوژرا و \"کاردین عەرەب پوور\" لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.
ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.