کۆڵبەرێک لە شنۆ پاش برینداربوون دەستبەسەر کرا و لە سەردەشتیش کاسبکارانی ناڕازای دەستبەسەر کران

22:43 - 12 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی شنۆ، پاش ئەوەی بە زەبری چەکی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەریش کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بەناوی قادر باریکە لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزیی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە شوێنێک بەناوی دوو \"گردکان\"ی شاری شنۆ بەرەوڕووی تەقەی هێزە چەکدارەکانی هەنگی مەرزیی سوپای پاسداران بۆتەوە.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری شنۆ رایگەیاند، ئەم کۆڵبەرە تەمەنی ٣٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \"مەمەلوو\"ی سەربە شاری نەغەدە بووە.

لە درێژەی راپۆرتەکەدا روونیشی کردەوە، ئەم کۆڵبەرە خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووەو لە گوندێکی نەغەدەوە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانی رووی لە گوندی \"سینگان\"ی سەربە شاری شنۆ کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە و ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ ژمارەیەک لە کاسبکارانی کوردی خەلكی شاری سەردەشت، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کرانەوەی \" پیشانگەی کالا\" لە بەر درگای ئیدارەی بازرگانی شاری سەردەش کۆببوونەوە، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هەتا ئێستا ژمارەی ئەو کاسبکار و بازاڕییە نارازییانەی خەڵکی شاری سەردەشت بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.