کۆڵبەرێک لە سنووری مەریوان بەهۆی راوەدوونانەوە کەوتەبەر ماشێن

13:48 - 6 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: راوەدوونانی کۆڵبەران لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە سنووری باشماخی مەریوان، برینداربوونی کۆڵبەرێکی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٤ی رەشەممە کۆڵبەرێک بەناوی ئیبراهیم سەعیدی‌نیا تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی \"پیرسەفا\"ی ناوچەی مەریوان، لەکاتی راوەدووناندا کەوتۆتە بەر ماشێنی بارهەڵگر و بەتوندی بریندار بوو.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو کۆڵبەرە لە کاتێکدا ویستوویەتی رێگری لە دەستبەسەرداگرتنی کۆڵەکەی بکات، و بەو هۆیەوە هێزە نیزامیییەکان شوێنی کەوتوون و لە ئەنجامدا کەوتۆتەبەر ماشێنێکی بارهەڵگر.

دەگوترێت کە ئەو کۆڵبەرە کوردە بەهۆی دۆخی خراپی جەستەیەوە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

لەلایەکی دیکەوە، رێکەوتی ٤ی رەشەممە کەسێک بەناوی ئاوات و خەڵکی شاری پاوە، کە لەسەر سنوور سەرقاڵی کار کردن بووە، سەرجەم کەلوپەلەکانی، کە سیگار بووە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە نزیک شاری نۆدشە و لە شوێنیک بەناوی \"کەلی چنارە\" دەستی بەسەردا گیراوە.