کۆڵبەرێک لە سنووری ماکۆ بریندار کرا

20:18 - 12 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شارستانی ماکۆ بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری ماکۆ دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"نەورۆز بادپا\" بە توندی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەره کوردە، لە نزیک گوندی \"بەهلوولە\" تەقەی لێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لەو پێوەندییەدا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، سەرما و سۆڵە گیانی کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی \"هیوا مستەفەوی\" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"پووشاوێ\" سەر بە شاری شنۆ لە بەرزاییەکانی کێلەشین ئەستاند.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە مانگی ژانوویە هەتا مانگی ئۆکتوبر ١٧٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە، هەرەسی ڕنوو، سەرمابردووی، جەڵتەی دڵ و ڕووداوی هاتووچۆ کوژراو و بریندار بوون.