کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست‌دا

16:36 - 28 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە سنوورەکانی شاری شنۆ کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان داوەتە بەر دەسترێژی گوللە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی سەرسنوور لە بەرزاییەکانی کێلەشین لە شنۆ، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٠ ساڵە گیانی لێئەستێندرا.
ئەو ڕووداوە ئێوارەی ڕۆژی ٢٦ی گەلاوێژ ڕووی داوه.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی \"خالید بەنگینی\" خەڵکی گۆندی \"هێ\"ـیەی نەڵۆس ڕاگەیاندووە.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە خالید لە قووڵایی ناو خاکی ئێران کوژراوە و لە سنوور تێپەڕ نەبووە.

ئەو هاووڵاتییە، هاوسەر و دوو منداڵی هەیە و لە ناوچە سنوورییەکان سەرقاڵی کۆلبەری بووە.

قوربانیانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو ساڵدا لە سنوورەکانی کوردستان ٥٠ کوژرا و بریندار تێپەڕ کردووە.