کۆڵبەرێکی کورد پاش چوار ڕۆژ بە برینداری لە نەخۆشخانە، گیانی لە دەستدا

15:43 - 30 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد کە چەند ڕۆژ پێش لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە لە ناوچەی سنووری سەلاسی باوەجانی تەقەی لێکرا بوو، شەوی ڕابردوو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ٢٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"ئەکرەم ڕەمەزانی\" تەمەن ٣٧ساڵ کوڕی ڕەحمان. لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان گیانی لە دەستدا.

\"\"
ئەکرەم ڕەمەزانی
ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان جێگیر لە ناوچەی سنووری شاری سەلاسی باوەجانی لە نزیک گوندی ئەزگڵە، تەقە لەو کاسبکارە کوردە دەکەن.

هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی ئەوەیکە ئەکرەم ڕەمەزانی کەلوپەلی قاچاخی پێ بووە، ناوبراویان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکام دا ئەو هاووڵاتییە کوردە بە سەختی بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش بریندار بوونی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان کرابوو.

پێشتر ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەواڵی بریندار بوونی ئەکرەم ڕەمەزانیی بڵاو کردبووە.

لینکی پەیوەندیدار:
برینداربوونی دووهەمین کۆڵبەری کورد لە سەلاسی باوەجانی لە مانگی سەرماوەزدا