کۆڵبەرێکی کورد پاش دوو ڕۆژ تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرا

16:17 - 8 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: تەرمی کۆڵبەرێکی کورد پاش دوو ڕۆژ ڕاگیران لە پزیشکی یاسایی شاری مەهاباد ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گەلاوێژ، تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەید کامیل حوسێنی ئەسڵ\" پاش دوو ڕۆژ ڕاگیران لە پزیشکی یاسایی شاری مەهاباد ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

\"\"
سەید کامیل حوسێنی ئەسڵ
بە وتەی یەکێک لە نزیکەکانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن پزیشکی یاسایی شاری مەهابادەوە توێکاری دەروونی بۆ تەرمی ناوبراو کراوە.

ئەو سەرچاوە نزیکە بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕایگەیاند: ئەم کۆڵبەرە کوردە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی و بۆ کاری کۆڵبەری، ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندار بووه و دوو کوڕ و کچێکی هەیە.

ڕۆژی هەینی ٥ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"سەقەڕ\"، لە سنووری شاری پیرانشار، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایەبەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"سەید کامیل باڵاشار\"، خەڵکی شاری پیرانشار گیانی لە دەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"عەزیز شۆخەڵان\" و \"سەلاح شێخ محەممەد\" بەسەختی بریندار بوون.