کۆڵبەرێکی کورد لە سەلاسی باوەجانی بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا

14:02 - 13 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار ببوو، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هووشیار نەمامی\"، خەڵکی گوندی \"زیارەت تەمرخان\" سەر بە سەلاسی باوەجانی کە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لە دەست دا..

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە سنووری \"شێخ سڵە\"، بووە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت.

\"هووشیار نەمامی\" دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بەڵام بە هۆی قووڵی و سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دەدات.

هەروەها لەم ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\" بروومەند بەهرامی\" خەڵکی گوندی \"زیارەت تەمرخان\" دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ئەرکان بەهرامی\" بە سەختی بریندار بووە.