کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری ناوچەی سۆمای برادۆست گیانی لە دەست دا

12:43 - 10 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری سۆمای برادۆستی ئەو شارە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەکرەم خەلیلی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی \"کووران\" لە ناوچەی سۆمای برادۆست، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری سۆمای برادۆست، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری شاری سەڵماس، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد کردووە، کە لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی سەڵماس بریندار بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕوویان لە سنووری شاری سەڵماس کردبوو و لە شوێنێک بە ناوی کوێستانی \"چلمێر شەهیدان\" تووشی ئەو ڕووداوە بوون.