کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری سەردەشت بریندار کرا

14:25 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری سەردەشت بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە کوێستانی \"بریاجی\" سەر بە بەخشی ناوەندی شاری سەردەشت دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لەو کۆڵبەرانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەسووڵ سەراجی\" بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە بەشی پشتەوە پێکراو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.

پزیشکان بارودۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان نالەبار ڕاگەیاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان لە نزیک گوندی \"دیناران\" لە ناوچەی \"ئالانـ\"ـی شاری سەردەشت، دایە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا دوو کۆڵبەری کورد، بە ناوەکانی \"کەماڵ قادریان\" تەمەن ٢٨ ساڵ و \"ئومید ساڵحپوور\" تەمەن ٢٣ ساڵ بە سەختی بریندار بوون.

تەقەی هێزە نیزامییەکان بووەتە هۆی پێکرانی لاقی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە و دواتر ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی برینەکانیان ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کراون.