کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری سەردەشت بریندار کرا

14:48 - 7 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار، کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد دەکەونە بۆسەی ‌هێزە نیزامییەکانی حكومەتی ئێرانەوە و لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"قادر ئازادە\" پشتی بە سەختی بریندار دەبێت و لە ئێستادا باری تەندروستی نالەبارە.

لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان بابەتدا، نیوەشەوی ٥ی بەفرانبار، کاسبکارێکی کوردی خەڵكی مەهاباد بە ناوی \"ڕەحمەت سلێمانزادە\" تەمەن ٣٣ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی حكوومەتی ئێران، لە جادەی مەهاباد_پیرانشار گیانی لە دەست دا.

کۆڵبەری بە یەکێک لە ترسناکترین کارەکان هەژمار دەکرێت، کە خەڵکی کوردستان بە هۆی بێکاری و نەبوونی کاری شیاو پەنا بۆ کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان دەبەن. کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆریان بە هۆی ڕنووی بەفر، سەرما، چوونە سەر مین و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.