کۆڵبەرێکی کورد تووشی گازگرتوویی بوو

13:45 - 20 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لە نێو خێوەتەکەیدا، تووشی گازگرتوویی بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ڕەحمان\" خەڵکی گوندی \"دزڵی\" سەر بە شاری مەریوانی لە کاتی حەوانەوە لە نێو خێوەتەکەیدا، تووشی گازگرتوویی بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە یارمەتی چەند کۆڵبەرێک بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری خورماڵ، لە هەرێمی کوردستان کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی ١٥ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە شاخی \"شەترە\" تووشی با و بۆران هاتن و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ئیدریس بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی قادر، خەڵکی گوندی \"سینگان،\" گیانی لە دەست دا.

هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفری قورس، یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەیە کە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران لەگەڵی بەرەوڕوون.

کۆڵی کۆڵبەران، کەرەستە و شتومەکی تایبەت بە بازرگانیی شارە گەورەکانی ئێرانە، کە لە دەرەوەی یاسای گومرۆک جێبەجێ دەکرێت.