کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی سەرمابردوویی لە شاخی کێلەشین گیانی لە دەست دا

13:56 - 9 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی سەرمابردوویی لە بەرزاییەکانی شاخی کێلەشین گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز، سەرما و سۆڵە گیانی کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی \"هیوا مستەفەوی\" تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی\"پوشاوێ\" سەر بە شاری شنۆ لە بەرزاییەکانی کێلەشین ئەستاند.

\"\"
هیوا مستەفەوی
تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لایەن دانیشتوانی گوندی\"میراوێ\" دۆزرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا.

زستانی ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٨ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تایبەتی \"سەردەشت، پیرانشار و ورمێ\" بە هۆی سەرمابردوویی گیانیان لە دەستدا و لە لایەکی دیکەوە، لوقمان واحیدی، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو، دوو چاو و لاقێکی لەدەست دا. ئەم کۆڵبەرە کوردە هەروەها لەو ڕووداوە دا لە لای ڕوخسار و ناوقەد و ملیەوە زیانی بەرکەوتبوو و هەتا ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکی دایە و لوقمان واحیدی لە شاخی \"کانی خوا\" تووشی ئەو ڕووداوە هاتبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری کوردپا، لە مانگی ژانوویە هەتا مانگی ئۆکتوبر ١٧٧ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، بەربوونەوە، هەرەسی ڕنوو، سەرمابردووی، جەڵتەی دڵ و ڕووداوی هاتووچۆ کوژراو و بریندار بوون.