کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لە دەست دا

15:04 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، پاش وەستانی دڵی لە سنووری شاری سەردەشت گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"عەزیز ڕەسووڵپوور\" (عەزیز ساردکەیی) کوڕی خدر خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی جەڵدەی دڵ گیانی لەدەست دا.

\"\"ئەم کۆڵبەرە کوردە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و گۆزەرانی بنەماڵەکەی ڕووی لە ناوچەی سنوورییی شاری سەردەشت کردبوو، کە بە هۆی ڕادوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تووشی وەستانی دڵ بوو.

عەزیز رەسووڵپوور خێزاندار و خاوەنی پێنج منداڵە.

کۆڵبەری بەو توێژەی زەحمەتکێشەی کوردستانی دەوترێت، کە لە ناوچە سنووریییەکاندا بە کاری کۆڵکێشی و کۆڵبەرییەوە خەریکن و هەروەها بە بەشێک لە بێبەریترین توێژی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن.