کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا

13:06 - 1 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار و لاقێکی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٣٠ی خەزەڵوەر، تەقینەوەی مین لە شاری سەردەشت بوو بە هۆی قرتانی لاقی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"ئیدریس مەحموودی\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی \"نەڵاس\"،ئەم کۆڵبەرە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\" لوقمان واحیدی\" خەڵکی گوندی \"مێشەدێ\" لە شاخی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەستدا، ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کرا.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد بە ناچاری و بۆ دابین‌کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران، لە لایەکی دیکە بە هۆی سرمابردوویی و تەقینەوەی مین، گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، لە ٢٣ قوربانی مین، ٣ کەس کوژرا و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەپێی ئامارەکان شەش میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران ئالوودە بە مینە.