کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی \"تەتە\" بریندار بوو

15:06 - 24 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری مەریوان بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی \"تەتە\" بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فەرهاد دەستوور\" خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە ملەی \"تەتە\" بە سەختی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانە ناوەندی دەرمانی کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەن ٣١ ساڵە، خێزندار و خاوەنی دوو منداڵە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"سلێمان خزری\"، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی حوسێن، خەڵکی گوندی \"کانی مام سەیدە\"ی سەر بە شاری نەغەدە، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.

بە گیان لەدەست دانی ئەم کۆڵبەرە کوردە، ئەمە سێیەمین کۆڵبەری کوردە، لە ئەم ساڵدا، بە هۆی سەرمابردووییەوە گیانیان لە دەست داوە.