کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ورمێ کوژرا

14:56 - 3 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری پارێزگای ورمێ و وڵاتی تورکیە کرایە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری نێوان ورمێ و وڵاتی تورکیە کەوتنە بۆسەی هێزە حکوومەتییەکان و پاش تەقە کردنی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"ڕێبەر نامیان\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی\"ئەربیلا\" ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕووداوە لە نزیک گوندی \"ئاڵوسان\" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست ڕوویداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا رێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری سەردەشت ژمارەیەک لە کاسبکارانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا کاسبکارێک بە ناوی \"پشتیوان موعین\" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی \"ڕەحمانە سوور\" خەڵکی گوندی \"گەوڵان\" گیانی لە دەست دا.

کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لە کاتێکدایە کە پێشتر جێگری سیاسی، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتی پارێزگاری سنە رایگەیاندبوو: \"بە ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم لە کاتی هاتنە سەر کاری دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدەوە هەتاکوو ئێستا هیچ کۆڵبەرێکی کورد لە سنوورەکانی کوردستاندا کوژراو یان بریندار نەبووە\".

هەتا ئێستا هیچ کەسایەتییەکی حقووقی و حەقیقی لە پەیوەندیی لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورەکانی کوردستان لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە و دۆسیەی قەزایی کەسانێک کە بریندار یان گیانی خۆیان لە دەست داوە بە بیانووی\"پاراستن و پارێزگاری لە سنوورەکان\" بە ئاکامێکی دڵخواز و روون نەگەیشتووە.