کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە لە سنووری ورمێ کوژرا

16:25 - 3 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، لە سنووری نێوان پارێزگای ورمێ و دەوڵەتی تورکیە دەکرێتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دەدات.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی سێشەممە ٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی ڕەشید محەممەدعەلی کوڕی یۆسف خەڵکی گوندی \"شەقڵاوە\" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە، لە سنووری نێوان ورمێ و تورکیە گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، تەمەن ٣٤ ساڵ و خێزاندارە، کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە لە شوێنێک بە ناوی \"زینی\" تەقەی لێ کراوە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، گوازراوەتەوە بۆ شاری ورمێ و هەتا ئێستە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

کۆڵبەری لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی \"بەناو پیشە\"یە، کۆڵبەر لەگەڵ جۆرەکانی مەترسی بەرەڕوویە و کوردەکان کۆڵبەرییان لە سەر خواست و داخوازیی خۆیان هەڵنەبژرادووە، بەڵکوو بە هۆی بێکاری، هەژاری، بارودۆخی خراپی ئابووری و نەبوونی پیشە و هەلی کار و نەبووژانەوەی ئابووریی کوردستان ڕوو لەو کارە دەکەن.

کۆڵبەر هەمیشە لەگەڵ ترس بەرەڕوویە، ترس لە تەقەی هێزە نیزامییەکان، ترس لە سەرمابردووی، ترسی لەدەستدانی هاوپیشەکانیان و ترس لە دەسبەسەرداگرتنی بارەکانیان، کە تەنیا لە پێناوی وەرگرتنی نزیک بە ١٠٠ هەزار تەمەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی، دەبێت هەموو ئەو مەترسییانە قەبووڵ بکات.