کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا

16:00 - 30 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"عەلی حەسەنزادە\"، خەڵکی گوندی \"باڵاگێر\" سەر بە شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە شاخی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار، تووشی ئەو ڕووداوە بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی ئەو شارە کراوە.

دەوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان لە شاخی کانی خوا گەمارۆ داوە و تەقەیان لێ کردوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە ملەی \"تەتە\"، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مستەفا حاجی\" بە توندی بریندار بوو. مستەفا حاجی بە هۆی قووڵبوونی برینەکەی ڕەوانە ناوەندی دەرمانیی شاری سنە کراوە.