کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری خۆی بریندار کرا

14:07 - 17 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، لە سنووری شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری خۆی دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و پاش تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئیبراهیم شاکری\" لە لای لاقیەوە بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.

هەروەها، ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ڕەسووڵ مەلا وسوو\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"وەردێـ\"ـی شاری سەردەشت لە کاتی ڕاودوونان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی \"کانی زەردە\"ی ئەو شارە بە سەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری سەردەشت کرابوو و پزیشکەکانی ئەو ناوەندە دەرمانییە، دۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان بە نالەبار ڕاگەیاندبوو.