کۆڵبەرێکی کورد بە برینداری پاش ٢٧ کاتژمێر دۆزرایەوە

14:16 - 1 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی گوندی \"کۆنەلاجانـ\"ـی شاری پیرانشار، بە ناوی \"سەید مەحموود عەبدوڵڵازادە\"، تەمەن ٥٥ ساڵ بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی شاخی \"گەڵاڵە\"ی شاری حاجی عومران، پاش ٢٧ کاتژمێر بە برینداری دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٥٥ ساڵە، لاقی و سەری شکاوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری هەوڵێر کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەلی گوڵچینی\" خەڵکی گوندی \"کەڵەکینـ\"ـی شاری پیرانشار، بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی \"کانی خوا\" بریندار بووە.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەر لە پارێزگا سنوورییەکان، خەریکی کاری کۆڵبەرین و لەو نێوانەدا ١٦ هەتا ١٨ هەزار کەسیان لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بەو پیشەیە خەریکن.