کۆڵبەرێکی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستی بە بڕی ١٣ میلیۆن تمەن هەیە

13:40 - 6 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، کە ماوەی دوو حەوتوو پێش بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری پیرانشار بە سەختی بریندار ببوو، بۆ چارەسەری پزیشکی، پێویستی بە بڕی ١٣ میلیۆن تمەن هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو کۆڵبەرە کە شوناسی بە ناوی \"مستەفا ئەحمەدپوور\" کوڕی ڕەحمان و تەمەن ٢١ ساڵ ڕاگەیندراوە، بە هۆی تەقینەوەی مین هەردوو لاقی لە دەست داوە و بۆ نەشتەرگەری دووبارەی لاقی، پێویستی بە بڕی ١٣ میلیۆن تمەنە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە نەخۆشخانەی شاری مەهابادە و پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانە بۆ نەشتەرگەری ناوبراو، داوای بڕی ١٣ میلیۆن تمەن پارەی لێ دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: مستەفا ئەحمەدپوور، لە بەشی \"ئای سی یوو\"ی نەخۆشخانەی شاری مەهاباد خەوێندراوە.

مستەفا ئەحمەد پوور، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەمە، بە هۆی ڕاودوونان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە ناوچەی \"قەمتەرە\"ی شاری پیرانشار چوو بووە سەر مین و پاش تەقینەوەی یەکێک لە مینە بەجێماوەکان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ئەمیرخان ڕخیدە\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی مەعرووف، خەڵکی گوندی \"تەرکشی خواری\" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیان لە دەست دابوو و کەسێکی دیکە بە ناوی \"پەیمان زارعیـ\"ـش لەو ڕووداوەدا لە لای ڕوخساریەوە زیانی بەرکەوتبوو.

لینکی پەیوەندیدار:
دۆخی گشتی کۆڵبەرێکی قوربانی مین نالەبار ڕاگەیەندراوە