کۆڵبەرێکی کوردی قوربانی تەقینەوەی مین، دوو چاو و لاقێکی لە دەست دا

14:44 - 7 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوە مین هەر دوو چاو و لاقێکی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لوقمان واحیدی، کۆڵبەری کورد خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو، هەر دوو چاو و لاقێکی لە دەست داوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە شاخی \"کانی خودا\"ی شاری پیرانشار تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین هات و لە ناوقەدیەوە زیانی بەر کەوتووە و هەنووکە لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

قەیرانی ئابووریی لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد ناچار دەکات بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کاری مەترسیداری کۆڵبەری بکەن، کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، سەرمابردووی و تەقینەوەی مین گیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

پێشتریش لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی، عوسمان مەزەین پارێزەری ناسراوی کورد، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پارێزگاری ورمێ خوازیاری جێبەجێ کردنی کۆمیسیوونی ماددەی ٢ی تایبەت بە قوربانیانی مین و چالاک بوونی ئەو کۆمیسیوونە بوو.

لە سەرەتایی شەڕی ئێران و عێراق یاسایەک بە ناوی کۆمیسیوونی ماددەی ٢ بە مەبەستی پشتیوانیی لەو هاووڵاتییانە کە لە شوێنی چێندراو بە مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵە کوژراو یان برینداربوون، پەسەند کراوە.

بەپێی ئەم یاسایە هەر هاووڵاتییەک بە هۆی تەقینەوەی مین بکوژرێت یان بریندار ببێت، پارێزگار بەرپرسە کە کۆمیسیوونی بۆ پێک بێنی و ناوی هاووڵاتییانی گیان لە دەستداو وەکوو\"شەهید\" تۆمار بکات و ئەگەر کەمئەندامیش بوون، دەبێت ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان دیاری بکات و لەژێر چاوەدێریی و پشتیوانی ڕێکخراوی بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمداددا بن.