کۆڵبەرێکی قوربانی مین بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستی بە پشتیوانی ماڵییە

15:38 - 14 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی هەژاری و کەمداهاتی توانای دانی تێچووە ماڵییەکانی بۆ چارەسەری پزیشکی نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"لوقمان وەحید\" تەمەن ٣٦ ساڵ، خەڵکی پیرانشار کە بەهۆی تەقینەوی مین ، لاقێک و چاوی ڕاستی لەدەست دابوو، بۆ بەردەوامی لە چارەسەرە پزیشکییەکانی پێویستی بە پشتیوانی ماڵییە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە دوو منداڵی هەیە کە ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ لە کاتی کۆڵبەری لە کوێستانی \"کانی خودا\"ی پیرانشار مینی پێدا تەقییەوە.

زۆرینەی قوربانیانی مین سەرپەرشتی خانوارن و لە چینی هەژاری کۆمەڵگان، تا ئێستا هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی پشتیوانی لەم کۆڵبەرانە نەکردووە و هیچ یاسایەک بۆ پشتیوانی لێیان دانەنراوە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتیانی کوردی ناچار کردووە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لە پیشەی پڕ مەترسی کۆڵبەری بکەن، کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت، سەرما و مین، گیانیان دەخاتە مەترسییەوە.

پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و خوزستان ئالودترین ناوچەکانی ئێرانن بە مین و زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لەم ناوچانەدا بوونیان هەیە، کە هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ پاکسازی ئەم ناوچانە لە مین هەڵنەگیراوە.