کۆڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا

16:02 - 25 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد له شاری سەردەشت کرانە ئامانجی تەقە ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان لە ناوچەی سەردەشت دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا، یەکێک لە کۆڵبەرانی گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئەو کۆڵبەرانە لە ناوچەی \"بێتووش\" کەوتوونەتە بەر دەستڕیژی تەقەی هێزە حکومەتییەکان.

\"\"هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەر گیان لە دەست داوەی \"سیروان خانەخەلی\" خەڵکی شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو (٩٥) لە کۆی ١٥٤ کۆڵبەری کوژرا و بریندرا، ٦٦ کەس کوژراون و ٨٨ کەسی دیکە بریندار بوون.

لە درێژەی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ٣ کۆڵبەر تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا و بریندار بوون.

ئامانج لە تەقە کردن لە کۆڵبەرانی و کوشتنی ئەو کۆڵبەرانە لە کاتێکدایە کە هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.