کۆڵبەرێکی ١٨ ساڵه لە سنووری شاری پیرانشار دەسبەسەر کرا

13:12 - 1 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی لاو خەڵکی شاری سەردەشت، لە سنووری پیرانشار لە لایەن مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی \"زەینەدین شێخە\" خەڵکی شاری سەردەشت لە سنووری \"کانی خوای\"ی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان ئەو کۆڵبەرە تەمەن ١٨ ساڵەیان بە تۆمەتی \"هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ\" دەسبەسەر کردووە و هێزە نیزامییەکان پاش دەسبەسەر کردنی ئەو کۆڵبەرە لاوە، دەستی بە سەر کەرەستەی ناوبراو دا گرتووە.

کاری کۆڵبەری و کاسبیکردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.