کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان بریندار بوو

20:12 - 16 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی ‌هێزە ئینتزامییەکان لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد, لە شاری سەردەشت کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ‌هێزە حکوومەتییەکان پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلەئێوارەی شەوی ڕابردوو، ١٥ی ڕەشەمە، لە پشت گوندی بێتوش سەر بە شاری سەردەشت, کۆڵبەرێکی کورد بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"بەهمەن تەوفیقی\" کوڕی کەماڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە، گوللەیەک بەر زگی کەوتووە و بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستیی جێگیر نیە.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٧ ئێوارە ڕوویداوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا، ٨ کۆڵبەر بە هۆی سەرما و تەقەی ‌هێزەکانی حکوومەتی کوژراو، یان بریندار بوون.