کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بانە کوژرا

14:23 - 8 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هادی سەلیمی\"، تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، جێگیر لە پایگای \"ماڵتە\"ی شاری بانە، گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، بەبێ ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، دوو کۆڵبەری دیکە بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراون.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ ساردخانەی شاری بانە ڕەوانە کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

هادی سەلیمی خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"مێهدی ئەمینی\"، کوڕی مەجید، خەڵکی گوندی \"نەنۆڕ\"ی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا.