کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سنووری شاری سەردەشت بریندار بوو

13:31 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان، لە سنووری شاری سەردەشت، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەشەوی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری سەردەشت دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕەحیم باپیری\" بە سەختی بریندار دەبێت.

ئەم کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"سیسێر\"ی شاری سەردەشتە و لە ناوچەی \"دۆڵەبی\" تووشی ئەم ڕووداوە هاتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی ئەو شارە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ڕەحیم باپیری خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵەیە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"مەعرووف خۆشمەرام\"، کوڕی جەبار، خەڵکی گوندی \"باوان\"، سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە نیزامییە حکوومەتییەکانی ئێران بە توندی بریندار بوو.