کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە بانە بەتەقەی هێزە نیزامییەکان بووە قوربانی

21:36 - 18 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی بەردەوامیی رەوتی کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خاڵە سنووریەکانی کوردستان، کۆلبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردان، فەرهاد ئەحمەدزادە کوڕی عەبدوڵڵا، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"بڵەسەن\" بە توندی بریندار کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەو کۆڵبەرە کە تەمەنی ٢٤ ساڵ بووە، بە مەبەستی کۆڵبەری کردن و دابین کردنی بژیویی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی لەرێگەی کۆلبەری‌یەوە رووی لە سنوورەکان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، هێزە ئینتزامییەکان پاش ئەوەی فەرهاد ئەحمەدزادەیان بریندار کرد، ناوبراویان بە برینداری لە شوێنەکە بەجێهێشت.

فەرهاد ئەحمەدزادە بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوەو پزیشکانی نەخۆشخانە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراویان ناجێگیر راگەیاندووە.