کۆڵبەرێکی دیکەی سەردەشت گیانی لەدەست دا + تەکمیلی

20:41 - 10 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە له کۆڵبەرەکانی سەردەشت کە کەوتبووە ژێر هەرەسی ڕنوو گیانی لەدەست دا و ڕێژەی کوژراوانی ئەم ڕووداوە گەیشتە ٤ کەس.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەم ئێوارەیە یەکێکی دیکە لەو کۆڵبەرە کوردانەی کە بە هۆی هەرەسی ڕنووەوە بە توندی بریندار ببوون، گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەره کوردەی بە \"هوشیار\" خەڵکی شاری مەهاباد ڕاگەیاندووە.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کرد کە؛ دوو کەسی دیکە لەو کۆڵبەرانه بە ناوەکانی \"قاسم مەحموود خدر\" تەمەن ٣١ ساڵە و \"هێدی زاهیری\" تەمەن ٢٤ ساڵ لە بەشی ICUدا ڕاگیراون.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"قەرەدانی بێورانی سەرێ\"ی سەر به شاری سەردەشت، بە هۆی هەرەسی ڕنوو تووشی ڕووداو بوون.

دوای ئەم ڕووداوە خەڵکی ناوچەکە و شاخەوانانی سەردەشت بۆ ڕزگارکردنی کۆڵبەرەکان لەژێر بەفر چوونه یارمەتییان.

لەو ڕووداوەدا، سێ کۆڵبەر کە شوناسیان بە \"دیار محەممەدنژاد \"کوڕی هەمزە، تەمەن ١٨ ساڵە و \"شێرزاد عەبدوڵڵایی\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عومەر و \"هیوا ئیبراهیمی‌نیا\" کوڕی عەبدوڵڵا تەمەن ٢٢ ساڵ\" ڕاگەیەندرابوو گیانیان لەدەست دا.

هەروەها باس لەوە دەکەن کە؛ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەژێر بەفردا ماونەتەوە زیاتر لە ئاماری پێشوویه.

تا کاتی بڵاوبوونەی ئەم هەواڵە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی کۆڵبەرەکان درێژەی هەیە.

لینکی پێوەندیدار:
کۆڵبەرێکی دیکەی سەردەشت گیانی لەدەست دا + تەکمیلی