کۆڵبەرێکی دیکەش بووە قوربانیی بژیوی ژیان

21:05 - 12 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا:کۆڵبەرێکی دیکەی کورد پاش بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی گوندی \"بێتووش\"ی سەر بە شاری سەردەشت، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی یازدەی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد پاش بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی بێتووشی سەردەشت، گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو کۆڵبەرەی بە \"مام عەبدوڵ\" خەڵکی گوندی \"کوربناو\" ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٦٥ ساڵە، بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە پیشەی پڕ مەترسی و تاقەت‌پڕووکێنی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.

لە هەواڵێکی پێوەندەیداردا، پاشنێوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە نۆی خاکەلێوەش، لە درێژەی تەقە کردنی هێزە حکومەتییەکاندا، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری ئالانی سەردەشت کراوەتە ئامانج و پێکراوە.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە \"ئومید گەوهەری\" تەمەن ٢٦ ساڵ و خێزاندار ڕاگەیەندراوە.

لە سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە تا هەنووکە، ٦ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری هاواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ڕابردووی هەتاوی‌دا (١٣٩٥)، ١٥٤ کۆڵبەری کورد بە هۆکاری جیاوازی وەکوو تەقە لێ کردن، تەقینەوەی مین، سەرما، ڕاوەدوونان و بەربوونەوە لە بەرزایی و ڕەوەزەکان، کوژراو یان بریندار بوون.