کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس گیانی لەدەست دا

13:50 - 25 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی بێتوشی شاری سەردەشت گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەمە ٢٤ی ڕەشەمە، لە بەرزاییەکانی گوندی \"بێتوش\"ی شاری سەردەشت، لە دەربەندێکی سەر بەو گوندە بە ناوی\"کوشتارگا\"، کۆڵبەرێکی کورد کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەت تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی\"داریوش.م\" خەڵکی شاری سەڵماس ڕاگەیاندووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە لەلایەن خەڵکی گوندی \"بێتوش\"ەوە بۆ مزگەوتی ئەو گوندە ڕاگوێزرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، لە گوندی \"بێڕواس\"ی سەر بە بەخشی سنووریی شاری نەوسوود،تەرمی کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٥ساڵە بە ناوی \"ناسر دریایار\" دۆزرایەوە.

ئەو کۆڵبەرە بە هۆی وەستانی کوتوپڕی دڵیەوە، توانای درێژەدانی ڕێگای هەڵەمووتی ناوچەی هەورامانی نەبووە و دواجار سەرما دەیبات و گیانی لەدەست دەدات.

کۆڵی ئەو کۆڵبەرانە، باری شتومەکی بازرگانەکانی شارە گەورەکانی ئێرانە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا کاروباری گومروکیی بارەکانیان جێبەجێ دەکەن.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار لە سنووری حاجی عومەران بە هۆیی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەوە کۆڵبەرە پیرانشاریە بەناوی \"تاهیر عەبدوڵڵازادە\" تەمەن ٥٠ ساڵ ڕاگەیەنراوە.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە شارەکانی سەردەشت، پیرانشار و ورمێ بە هۆکاری جیاواز گیانیان لەدەست داوە.