٤ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بوون بە قوربانی

15:48 - 13 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەدرێژەی رەوتی بەربڵاوی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کورد ٤ کۆڵبەری کورد کە بەمەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان روویان کردبوویە ناوچە سنوورییەکان بە دەستی هێزە نیزامییەکان بوون بە قوربانی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کورپا، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پیرانشار پۆلێک لە کۆڵبەرانی کورد کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە کەسێک کوژراوە و سێ دیکەش بریندار کراون.

لەو بارەیەوە هەواڵنیری کوردپا لەشاری پیرانشارەوە ئاشکرای کردووە، جەعفەر لاچینی خەڵکی مەهاباد ناوی ئەو کۆڵبەرە کوردەیە کە لەناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار گیانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە ئەستێندراوە.

ئەو دەستڕێژی کردنە لەشوێنێک بە ناوی قەبری حوسێن ـ تازەقەڵا رووی داوە و سێ کۆلبەری دیکەش بە توندی بریندار کراون.

عەلی گەلە( عەلی ڕەش)، لوقمان گەلە و عەلی بەرەجۆیی ناوی ئەو سێ کەسەن کە بریندار بوون.

بەپێی هێندێ ئامار و داتا کە بڵاو کراونەتەوە، تەنیا لە خاڵی سنووریی \"بەمۆ\" ٦ هەزار و ٣٠٠ کۆڵبەری کوردی سەرقاڵی کۆڵبەرین و لەلایەکی دیکەوە لە بازاڕچەی سنووریی \"قاسمە رەش\"ی سەردەشت و ناوچە سنورییەکانی پیرانشار زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتیی کورد سەرقاڵی کۆڵبەر و کاسبی کردنن.

تەقە کردن و کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە کاتێک دایە کە زۆربەی هاووڵاتییانی کورد بەهۆی باری خراپی ئابووری و نەبوونی دەرەتانی کار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەناچاری روو لە کۆڵبەری لە خاڵە سنوورییەکان دەکەن

ماوەیەک لەمەوبەر ئەحمەد گراوەند، جێگری فەرماندەی هێــزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە لێداوانێکدابۆ هەواڵدەریی مێهر، کۆڵبەرانی سەر سنووری بە قاچاخچی ماددە هۆشبەرەکان وەسف کردبوو.

ئەو بەرپرسە نیزامییە رایگەیاندبوو، کۆڵبەران لە خاڵە سنوورییەکانی رۆژئاوای ئێرانەوە ماددەی هۆشبەر و کەرەسەکانی دروست کردنی ئەو ماددەیە هاوردەی نێوخۆی وڵات دەکەن.

ئەو لێداوانانە لە حالێکدایە کە کۆڵبەرانی کورد تەنیا هیندێ کەرەسەی وەکوو تلەویزیۆن، کەلوپەلی جوانکاریی و ئارایشی و تەگەر و سپلێتی گازی بە کۆڵی خۆیان ئاودیوی ئێران دەکەن و لە هەمبەریشدا بڕە پارەیەکی زۆر کەم وەردەگرن.

لەو بارەیەشەوە ژمارەیەک پارێزەری کورد دەستکورتی و بە ناچاری کاری سەر سنووری ئەو کۆڵبەرانەیان پشتڕاست کردبوویەوە و داوایان لە حکوومەتی ئێران کردبوو کە پێداچوونەوە بە شێوازی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کۆڵبەراندا بکات و پێش بە تەقە کردنی هێزەکانیان بگرن.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ساڵی ٩٤وە هەتا ئێستا ١٠ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی ئێران لە ناوچەسنوورییەکانی کوردستان کوژراون و ١٠ دیکەش بریندار کراون.