٤ کۆڵبەری کورد بەهۆی هەرەسی کلیلە بەفرەوە کوژراو و برینداربوون

13:51 - 7 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هەرەسی کلیلە بەفر لە ناوچەی ورمێ گیان لەدەست دانی ٢ کۆڵبەری کوردی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی سەربەو شارەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە ئێوارێی رۆژی رابردوو رێکەوتی ٦ی سەرماوەز ٢ کۆڵبەری کورد بەناوەکانی فەرهەنگ فەتاحی ته‌مه‌ن ١٧ سال کوڕی نایب و یاسر ئەنساری نژاد ته‌مه‌ن ٢٢ سال کوڕی سیراجەدین کە دانیشتووی گوندی \"خانەگێ\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بوون، رۆژی چوارشەممە بەهۆی هەرەسی کلیلەی بەفر گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوکات لەو رووداوەدا ٢ کۆڵبەری دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی سەمەد فەتاحی کوڕی ئەحمەد و شرافەت ئەسغەری کوڕی قاسم بە توندی بریندار بوونە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ فەرهەنگ فەتاحی دوو رۆژ پێش ئێستا ئاڵقەی نامزەدی لەدەست کردبوو، کە بۆ دابین کردنی بژیوییی ژیانی رووی لە پیشەی پڕمەترسیی کٶڵبەری کردبوو کە لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە، لە گوندی \"خانەگێ\"ی ناوچەی تەرگەوەڕ ئەسپەردەی خاک کراون.