کۆڵبەرانی کورد بەردەوام دەبنە قوربانی

15:59 - 2 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد، لە ناوچەی سەردەشت لە کاتی ڕاودوونانی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی خەزەڵوەڕ، لە ئەنجامی ڕادوونانی کۆڵبەرانی کورد، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە ناوچەی سەردەشت، دوو کۆڵبەری کورد لە یەکێک لە شاخەکانی ئەو شارە لە بەرزایی بەر بوونەوە و بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا، لە شاری سەردەشت شوناسی یەکێک لەو کۆڵبەرانی بە ناوی \"شیروان ئیبراهیمی \" کوڕی کەماڵ تەمەن ٣٠ ساڵ راگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، شیروان ئیبراهیمی، لە کاتی بەربوونەوە لە بەرزایی لاقی شکاوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی سپای پاسداران ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣٠ ساڵەیان بە لاق شکاویی دەسبەسەر کردووە.

شوناسی ئەو کۆڵبەرەکەی دیکە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

دەوترێت، ئەو کۆڵبەرە کوردە هەنووکە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت ڕەوانە کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی ٢٩ی ڕەزبەر، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی بێتووشی شاری سەردەشت کوژراو و بریندرا بوون.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە بریندار و کوژراوە، بە ناوەکانی \"محەممەد خالیدی\" بریندار و \"پشتیوان موعین\" کوژراو ڕاگەیندرابوو.

\"\"
وێنه: شیروان ئیبراهیمی