کۆکردنەوە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەندی کورد ڕەشید فەیز نژاد

15:52 - 20 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کتێبی ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەندی پەنجە ڕەنگین و دەنگ خۆشی کورد \"رەشید فەیز نژاد\" لەلایەن هەنەرمەند\"عەلی عابێدی\" کۆکرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هەوڵ و تەقەلای عەلی عابێدی ژەنیاری ئامێر و ئاوازدانەری ناسراوی کورد لە شاری سەقز ژیان و کۆی بەرهەمەکانی هونەرمەندی کورد \"رەشید فەیزنژاد\" لە دووتوێی کتێبێکدا کۆکرایەوە.

لەو کتێبەدا، هونەرمەندانی وەک عەزیز شاروخ، ڕەحیم لوقمانی، ڕەسووڵ میرزاپوور، محەممەد ناهید، عەلی عابێدی و ڕەشید فەیز نژاد بابەت و گوتاریان لە سەر کاریگەری و تواناکانی ئەو هونەرمەندە کوردە نووسیوە.

ئەو کتێبە لە ژێر ناوی \"لە دڵمایە\" نۆتەکانی مۆسیقا و هۆنراوە و ناسنامەی ٥٥ گۆرانی ئەو هونەرمەندە کوردە لە خۆ دەگرێت.

هەروەها عەلی عابێدی ئەم کتێبەی پێشکەش کردووە بە :
ئەو کەسانەی تا هونەرمەند زیندووە ڕێزی لێ دەگرن .

ئەو مامۆستایانەی گەنجینەیەکی زێڕینیان بۆ بە جێهێشتین .

ئەو هونەرمەندانەی هەر ڕۆژەی ڕەنگێک ناگۆڕن
ناوی ئەم کتێبە واتە \" لە دڵمایە \" لە یەکێک لە بەرهەمەکانی م.فەیزنژاد وەرگیراوە کە هۆنراوە و ئاواز و وتنی خودی مامۆستا فەیزنژادە.

ڕەشید فەیزنژاد کوڕی حاجی سەلیم خان ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی ئارەبۆغڵووی سەروو سەر بە شارستانی سەقز لە دایک بوو؛ یەکەم جار لە ڕێگەی باوکییەوە لەگەڵ دنیای موزیک ئاشنا دەبێ و دواتر هەر لە هەڕەتی منداڵییەوە دەستی داوەتە ئامێرەکانی \"فلووت\" و \"دایێرە\"؛ دوای ماوەیەک هۆگری ئامێری ڤیۆڵۆن دەبێت و پاش بەردەوامی لە فێربوون دەبێت مامۆستایەکی لێهاتوو لەم ژەندنی ئەم ئامێرەدا.

مامۆستا فەیزنژاد ساڵانێکی زۆر لەفێرگەکاندا خەریکی ڕاهینان و پەروەدەکردنی هۆگرانی هونەر بووەو هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکیانەدا چەندەها بەرهەمی بۆ زۆربەی ئەم هونەرمەندانە تومار کردووە بۆ نموونە: محەممەد ماملێ، ناسر ڕەزازی، محەمەد دانش ،محەممەد ناهید، ، حەمە نەجاڕ ،برایم فەتاحی،مستەفا دادار، ڕەحیم سەڵەواتی، سدیق زۆهری،برایم خەیات،جەماڵ موفتی، قادر ئەلیاسی، سەیدبرایم ئیسماعیل زادە، حەسەن دەرزی، ڕەحیم هەجیجی، عەلی زەندی، تاهیر خەلیلی، ئیسماعیل سابووری.

مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد جودا لە بەهرەی دەنگ خۆشی و موزیک ژەندن و مامۆستایەتی، خاوەن دو تایبەتمەندی دەگمەن و بەرچاوە، یەکەمیان لەبواری ئاهەنگسازی واتە ئاوازداناندا دەستێکی باڵای هەیە و خاوەن بەهرەیەکی خۆڕسکە و ئەو ئاوازانەی کە دروستیان دەکات ڕەسەنایەتیەکی تۆخیان پێوە دیارەو جۆرێک ئەم ئاوازانە ئامادە دەکات کە بیسەر وادەزانێ ئەم ئاوازانە فۆلکلۆرن و ئەمەش پێویستی بە شارەزایەکی زۆر هەیە کە لە باری فۆرم و ڕیتمەوە (ئیقاع) ئاوازەکان وا درووست بکەی کە لە فۆلکلۆر بچن.