کۆکردنەوەی سەتەلایت لە شاری مەریوان

14:13 - 1 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی لە شاری مەریوان، دەستیان بە کۆکردنەوەی ساجی سەتەلایتەکان لەو شارە کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندەکان و بە تایبەتی شاری مەریوان، دەستیان بە کۆکردنەوەی سێڵی سەتەلایتەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئینتزامییەکان لە سەر بڕیاری دادوەری ئەو شارە بە بێ ئیزن دەچنە سەر بانی ماڵان و ساجی سەتەلایتەکان کۆ دەکەنەوە لەگەڵ خۆیان دەیبەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئینتزامییەکان گوشاری زۆریان بۆ خەڵک هێناوە، بە تایبەت ئەو ماڵانە کە سێڵی سەتەلایتەکەیان لە حەوشەکەیاندا، داناوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئینتزامییەکان هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی مەریوانی کردووە، لە ئەگەری دووبارە دانانەوەی سەتەلایت، دەسبەسەر دەکرێن.