کۆڕێک بۆ هەڵسەنگاندنی شێعری نوێی کوردی لە زانکۆی سنە

20:01 - 10 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سی لێکۆڵەڕی ئەدەبیی کوردستان بەرهەمی شاعێرانی نوێخوازی کوردیان تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆڕێکی ئەدەبیدا لە زانکۆی ئازادی ئیسلامیی شاری سنە، شێعری نوێی کوردی لە سەردەمە جیاوازەکاندا تاوتوێ و شرۆڤە کرا.

ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی شاعێران و ئەدەب دۆستان بەرەوڕوو بووەوە و ئەو هەوڵەش بە هیمەتی ئەنجومەنی فەرهەنگی_هونەریی ئەندیشە بەڕێوەچوو، و مەسعود بینندە، ڕەزا عەلی پوور و کەماڵ ئەمینی لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە باسیان لە شێعری نوێی کوردی کرد.

ڕەزا عەلی پوور باسێکی لە سەر هەڵسەنگاندنی شێعری نوێ کوردی لە هەرێمی کوردستان کرد و مێژووی وێژەی لەو بەشەی کوردستان، بۆ سێ قۆناغی زێڕین کە عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس لەخۆ دەگرێت و قۆناغی زیوین بۆ بەختیار عەلی و ڕەفیق سابیر و دواتریشی بە قۆناغی بڕۆنزی دابەش کرد.

لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا، کەماڵ ئەمینی لە نووسەرانی بەرچاو و بەناوبانگی کوردستان باسێکی لە سەر شێعری نوێی کوردی لە کوردستانی ئێران کرد و شاعێرانی وەک سوارەی ئیلخازادە، عەلی حوسێن پەناهی و فاتیح شێخولئیسلامییشی وەکوو دەستپێکەری ئەو شێوازە ناو برد.

بە وتەی ئەمینی؛ شێعرەکانی جەلال مەلەکشاە و ئەحمەد باز گرد خاوەنی پەیامی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.

مەسعود بینندە مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە شوێندانەری و کاریگەریی شاعێران و نووسەرانی کوردستان، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی؛ شاعێرانی کورد لەو نێوەدا بۆ سەلماندنی شوناسی خۆیان بە زمانی کوردی دەستیان بە هۆنینەوەی شێعر کردووە و لە زۆربەی کاتەکاندا هەوڵی ڕاستکردنەوەی بیروباوەڕ و ئایدیا هەڵەکانی نێو کۆمەڵگایان داوە.

هەواڵدەریی ئیرنا لە ڕاپۆڕتێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە کۆتایی ئەو کۆڕە ئەدەبییەدا چەند کەسێک لە شاعێرانی لاو لە شارە جیاوازەکانی پارێزگای کوردستان چەند پارچە شێعرێکیان پێشکەش کرد.